لە١٤ی فیوریەی ئەمساڵ، لۆرد ئێڤیبیری لە تەمەنی ٨٧ ساڵی دا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لۆرد ئێڤیبێری کێ بوو؟
لۆرد ئێڤیبیری، کەسایەتییەکی سیاسیو مرۆڤدۆستی بریتانیایی بوو.
لۆرد ئیریك ئیڤیبیری (Eric Reginald Lubbock) سیاسەتوانێکی لیبڕاڵ دێمۆکڕات بوو. له نێوان ساڵانی ١٩٦٢-١٩٧٠ وەک ئەندامی پاڕلمان، له ساڵی١٩٩٩یشەوە تا کاتی مەرگی له پاڕڵمانی لۆرده کان خزمه تی کردوه.
ساڵانی منداڵیو قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی له کاناداو بریتانیا تێپەڕ کرد. پاشان له بەشی ئەندازیاریی زانکۆی ئۆکسفۆرد وەرگیرا. پاش خزمەت کردن له هێزی گاردی وێڵز لە کۆمپانیای ڕۆڵز ڕۆیس دامه زراو، تا ساڵی ١٩٦٠ لە سەر ئەم کارەی بەردەوام بوو.
ئێریک، دواتر بوو بە ئەندامی حیزبی لیبڕاڵ دێمۆکڕاتو ساڵی ١٩٦٠ بوو به نوێنەری هەڵبژێردراوی حیزبەکەی بۆ ناوچەی ئۆڕپیبگتۆن. ساڵی ١٩٧٠ بوو بە یەکێک له سێ کاندیدی سەرۆکایەتیی حیزبی لیبڕاڵ دیموکرات، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنایەوە. ئەو دوایی بوو بە وتەبێژی لیبڕاڵەکان له کۆمیسیۆنی پارلمان بۆ کاروباری په نابەرانو پێوەندیی نێوان نەتەوە جیاوازەکان. بەم جۆرە ئێریک پێی نایە مەیدانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤو هەر بەو مەبەستەش گرووپێکی پارڵمانیی تایبەت بە مافی مرۆڤی دامەزراند کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سەرۆکایەتیی ئەم گرووپەی کرد. ئێریک هەر وەها ئەندامی کۆمیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پاڕڵمان بوو.
بەستێنی بایەخدانی لۆرد ئێڤیبێری بە مافی مرۆڤ هەر تەنیا نێوخۆی بریتانیا نەبوو. ئەو، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە نێو نەتەوەو وڵاتانی دیکەو کاریگەریی پێوەندییەکانو سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا لە سەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهاندای بە پرسی خۆی دەزانی. کورد یەک لەو نەتەوە بندەستانە بوو کە لۆرد ئێڤیبێری ڕوانینو هەڵوێستی لایەنگرانەی بەرامبەریان هەبوو، بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووداوە سیاسییەکانی پێوەندیداربە کوردستانو نەتەوەی کوردی خستبووە نێو چەقی سەرنجو بە دواداچوونەکانی.
بوارێکی دیاری تێکۆشانی لۆرد ئێڤیبێری، چڕبوونەوە لە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیو لەقاودانی تیرۆرو تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە لە دژی خەڵکی ئێران بوو. لە پێوەندی لە گەڵ سەرکوت و تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە دا کۆمەڵێک کتێبی بە نرخ، پڕ لە بەڵگەو زانیاریی سەلمێندراوی ئامادەو بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٩٤ کتێبی “ماشێنی مرۆڤکوشتن لە تاران”، ساڵی١٩٩٦ کتێبی”ئێران: حکوومەتی تیرۆر”، ساڵی ١٩٩٥ کتێبی “فتوای مردن”، پاییزی ١٩٩٨ کتێبی”قەتڵە زنجیرەییەکان”، هەر لە دەیەی ٩٠ دا کتێبێکیشی لە بارەی بێمافییەکانی ژنان لە ئێران، بڵاو کردەوە.
هۆگریی لۆرد ئێڤیبێری بە پرسی کورد بە گشتیو پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتو ڕێزدانانی بۆ خەباتو تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕادەیەک بوو کە لە سمینارو کۆڕو یادەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ڕێبەرانی شەهید، دکتۆر قاسملووو دوکتۆر شەرەفکەندیدا بە شێوەیەکی شوێندانەر ئامادە دەبوو. لۆرد ئێڤیبێری لەو وتارانەی لەم کۆڕو کۆبوونەوە تایبەتانەدا پێشکەشی دەکردن، لەو پەیامانەدا کە بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی دەناردن، لە دیدارو چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ بەرپرسانو نوێنەرانی حیزبی دیموکراتدا هەمیشەو بە ڕاشکاوی پشتیوانیی لە خەباتی ڕەواو مافخوازانەی گەلی کورد دژی ڕێژیمی ئێران دەکرد، دژی تیرۆرو تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە خەڵکی کوردستانو حیزبی دیموکرات، هەڵوێستی دەگرت. ئێعدامو بەندکردنی تێکۆشەرانی کورد،کوشتنی کۆڵبەرانو هەوڵی سەرکوتکەرانەی ئەو ڕێژیمە بۆ کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازانی کوردستانی مەحکووم دەکرد. هەوڵە بەنرخەکانی لە پارلمانو لە کۆمیتەی مافی مرۆڤ لە پارلمانی بریتانیاو وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ٦تێکۆشەری حیزبی دیموکرات کە لە لایەن “بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان”ەوە تەحویلی ڕێژیمی ئێران درانەوە، هەر وەها بەشداریی پێشەنگانەی لە کەمپەینی وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی تیرۆری د.قاسملوو لە ڤییەن، نموونەیەک لە پشتیوانیو هاوسۆزیی ئەو کەسایەتییە مرۆڤدۆستە لە گەڵ خەڵکی کوردستانو حیزبی دیموکرات بوون. هاودەردی لە گەڵ گەلی کوردو بەردەوامبوون لە سەر پشتیوانیی خەڵکی کوردستان، ببوون بە بەشێکی هەمیشەیی لە ئەرکی مرۆڤدۆستانەی ئێڤیبێری. کەم کارەساتو تاوان دژی خەڵکی کوردستان هەبوون کە ئێریک لە ئاستیان بێدەنگو بێهەڵویست بووبێ. تەنانەت لەم یەک دوو سالەی دواییش دا کە لە گەڵ نەخۆشیەکی سەخت لە ململانێ دابوو، لەم ئەرکەی هەرغافڵ نەبوو، وەک نموونە کاتێک کارەساتی سووتانی منداڵانی گوندی شیناوێ ڕووی دا، ئێریک دژی کەمتەرخەمیو بێتەفاوەتییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەنگی هەڵبڕیو هەوڵی دا گوشار بخاتە سەر بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە بۆ ئەوەی ئەرکەکانیان لە ئاست قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە، جێبەجێ بکەن.
لۆرد ئێریک ئێڤیبێری، لە پارڵمانو لە کۆمیتەی مافی مرۆڤو لە ژیانو تێکۆشانی ڕۆژانەی خۆیدا، دەنگی بوێری ویژدانی مرۆڤدۆستانو هاواری ڕاشکاوانەی زۆرلێکراوانو بێبەشان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان، بوو. خەڵکی کوردستانو حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە کۆچی دوایی لۆرد ئێریک ئێڤیبێری، دۆستو پشتیوانێکی بە توانا و بە نرخیان لە دەست دا.
فێوریەی ئەم سال، لۆرد ئێڤیبێری لە کاتێکدا کۆچی دوایی کرد کە حیزبی دیموکراتی کوردستان سەرگەرمی گرتنی شازدەیەمین کۆنگرەی خۆی بوو. سەرقاڵبوونی ئەم حیزبە بە کاروباری کۆنگرە، بە داخەوە وای کرد نەتوانین بەو جۆرە کە شایانی ئەو گەورە پیاوە بوو، لە کاتی خۆیدا بەداخبوونی خۆمان لە مەرگی ڕابگەیەنینو ئەمەگناسانەو بە تیرو تەسەلی باسی خزمەتەکانی بە گەلی کوردو حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەین.
ڕۆژی سێ شەمە ١٢ی ئاپریلی ٢٠١٦، وەک وەفایەک بۆ ئەم هەمووە هاوسۆزی، پشتیوانیو هاوخەمییەی لۆرد ئێڤیبێری لە گەڵ خەڵکی کوردستان و حیزبی دیموکرات، هەیئەتێکی ئەم حیزبە پێکهاتوو لە بەرێزان مەولوود سوارە ئەندامی رێبەریی حیزبو فەرزاد حیکمەت بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەبریتانیا بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات چوونە سەر گڵکۆی بەڕێز لۆرد ئێریكو چەپکە گوڵی رێزو وەفاداریان لەسەر دانا. هەیئەتی حیزب وێڕای بە جێهێنانی ڕێوڕەسمی ڕێزدانان بۆ کەسایەتییە مرۆڤدۆستە، گیانی ئەو دۆستە گەورەیان دڵنیا کردەوە کە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانیو خزمەتە بە نرخەکانی بەم حیزبەو گەلی کوردو خەڵکی ئێران، لە بیر ناکەنو هەموو کات بە ئەمەگناسییەوە، یادی دەکەنەوە.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٢ی ئاپریلی
٢٠١٦