بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕوو بە شۆرای ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی، ڕایانگەیاند؛ هەموو دەرفەتەکان بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەرەو کۆتایی دەچێ.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بۆ ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە دەرفەتەکان بۆ ڕێککەوتنی ناوکی بەرەوە کۆتایی دەڕوا، وتیان: ئێمە داوا لە ڕووسیە دەکەین هیچ مەرجێکی دیکە لەبەردەم بووژانەوەی بەرجام دانەنێ و داوا لە ڕێژیمی ئێرانیش دەکەین لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک خۆی بپارێزێ.
لەو بەیاننامە هاوبەشەی بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە کە نوێنەری بریتانیا بۆ شۆرای ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی ناردووە، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی بەرجامدا لەسەر بەڵێنەکانی خۆی پێبەند و ڕاستگۆ بێ و داوایان لە تاران کردووە کە ئامادە بێ بۆ ئەوەیکە هەنگاوگەلێکی باش بۆ بووژانەوەی بەرجام هەڵبگرێ و بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم و پیتاندنی زیاد لە ئاستی دیاریکراو ڕابگرێ و ئۆرانیۆمی پیتێندراو کە زیاد لەو ئاستەیە کە بەرجام دیاری کردبوو، دەبێ بۆ ڕادەستکردنەوە ئامادە بکا.