وەزیری بەرگریی بریتانیا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕووسیە لە جیهاندا زۆر کەوتووەتە پەراوێزەوە وتی: بڕیاری هێرشی سەربازیی پوتین بۆسەر ئۆکراین، “پوتین”ی نزیک کردووەتەوە لە کۆتاییی دەسەڵاتەکەی.
بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بریتانیا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بە کەوتنەپەراوێژی پوتین لە جیهاندا بەهۆی زێدەخوازییەکانییەوە وتی: هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، داهاتووی سیاسی و نێونەتەوەییی ڤلادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیەی زۆر لاواز کردووە و پوتین نزیک بووەتەوە لە کۆتایی.
وەزیری بەرگریی بریتانیا بە جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە لە هێرشە سەربازییە بەربڵاوەکەی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، خەڵکی ئۆکراین بۆ بەرگریی لە وڵاتەکەیان خۆڕاگرییەکی بێوێنەیان لە خۆیان نیشانداوە وتی: سەرۆککۆماری ڕووسیە دەبێ ئەوە بە باشی بزانێ کە خۆی و هێزە سەربازییەکانی چی دیکە لە جیهاندا هیچ جۆرە جێگە و پێگەیەکیان نییە.
بێن واڵاس لە کۆتاییدا بەئاماژە بەوەی کە لە داهاتووی نزیکدا هیچ کەس لە گەورە بەرپرسان وسیاسەتمەدارانی جیهان تەنانەت وڵامی پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی پوتین نادەنەوە وتی: ناوبراو بەرپرسیارە لەهەمبەر کوژرانی هەزاران سەربازی ڕووسیە و کوشتنی خەڵکی ئۆکراین و لاوازبوونی ئابووریی وڵاتەکەی.
جێگەی ئاماژەیە کە؛ کۆمەڵگەی جیهانیی بە تایبەتی وڵاتانی ئورووپایی بە کاردانەوە لەهەمبەر هێرشە سەربازییەکەی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، زیاتر لە ٥هەزار و٥٣٠ گەمارۆیان بەسەر بەرپرسان و جومگە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و لە ئێستادا ڕووسیە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گەورەترین گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەسەریدا سەپاوە.