لە درێژەی گوشارەکان و گەمارۆکان بۆسەر ڕووسیە، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هاوردەکردنی نەوت و گازی لە ڕووسیەوە بۆ ئەمریکا قەدەغە کرد.
جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی گوشار و گەمارۆکان بەدژی ڕووسیە، پاش بڕیاری هێرشی سەربازیی پوتین بۆسەر ئۆکراین، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: ئەمریکا ئەمڕۆ شادەماری سەرەکیی ئابووریی ڕووسیە دەکاتە ئامانج.
بایدێن لە وتووێژە تەلەڤیزیۆنییەکەیدا ڕایگەیاند کە، هاوردەکردنی نەوت، گاز و وزە لە ڕووسیەوە قەدەغەیە و ئەوە بەو مانایەیە کە نەوتی ڕووسیە لە ئەمڕۆوە لە ئەمریکا وەرناگیردرێ و خەڵکی ئەمریکا، گورزێکی قورسی دیکە لە ماشینی شەڕی پوتین دەدا.
سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە ئەم هەوڵە لە چوارچێوەی زەربەلێدانی زیاترە لە ئابووریی ڕووسیە وتی: بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیە بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان، لە ڕۆژی سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناوبراو لە درێژەدا لەهەمبەر گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ڕووسیە وتی: ئێمە سەرەڕای گەمارۆکان دەستپێڕاگەیشتنی ڕووسیە بە تەکنۆلۆژیای پێوەندییەکان ڕادەگرین و ئابووریی ڕووسیە بە جۆرێک لاواز دەکەین کە هێزی ئەرتەشەکەی بۆ چەندین ساڵی بەردەوام لاواز دەبێ و هەروەها گەمارۆ دەخەینە سەر هەموو بازرگانەکانی ڕووسیە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە و دەبێ پوتین ئەو ڕاستییە بە باشی بزانی ئەوەیە کە؛ ئۆکراین هیچکات نابێ بە دەسکەوتێکی گەورە بۆ ڕووسیە، ڕەنگە پوتین بتوانێ شارێکی ئۆکراین داگیر بکا بەڵام هیچکات ناتوانێ ئۆکراین داگیر بکا.