بەرپرسانی فەرمانداری و ڕێکخراوی “سەنعەت، کانگا و پازرگانی”ـی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، لەنێوان باخدارانی خەڵکی شاری شنۆ و خاوەنساردخانەکان ئاژاوەگێڕی دەکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ماوەیەکە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێوان خاوەن باخی سێوەکان و ساردخانەکانی شاری شنۆ ئاژاوەگێڕیی دەکەن؛ شاری شنۆ وەک ناوچەیەک بۆ بەرهەمهێنانی سێو بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی بەرهەمێنانی سێو لە پارێزگای ورمێ و ئێران بە گشتیی کە ساڵانە بە ڕێژەیەکی زۆر سێو بەرهەم دەهێنێت و هەناردەی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشی دەکات .
مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ فەرمانداری ڕێژیم لە شاری “شنۆ” بە هاودەنگی بەرپرسی ڕێکخراوی “سەنعەت، کانگا و بازرگانی”ـی پارێزگای ورمێ بریاریان داوە بۆ هەر کیلۆ سێوێک لە ساردخانە ٨٢٠ تمەن پارە لەلایەن باخدارانەوە بدرێتە خاوەنساردخانەکان، بەڵام ئێستا کە خاوەنی سێوەکان بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، بە جێگای ٨٢٠تمەن ٩٣٣تمەن لە خاوەن سێوەکان لەلایەن ساردخانەکانەوە دەگێردرێتەوە کە ئەو کارەی خاوەنساردخانەکان لەلایەن فەرماندار و بەرپرسی ئیدارەی سەنعەت و کانگا و تجارەت، بەدواداچوونی بۆ ناکرێت و کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە.