هاونیشتمانیانی بەڕێز !
ژنانی ئازاد و مافخوازی کوردستان!
چەوساندنەوە و سەرکوتی ژنان لە مێژوودا و لە پانتایی جیهاندا شتێکی حاشاهەڵنەگرە و هاوکات لە قۆناغێکی مێژووییدا، ژنان بە هاتنە مەیدان، ڕێگای خەبات بەرامبەر به ستەم و چەوساندنەوەیان گرتەبەر و تاکوو ئێستاش ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانیان ڕێگە دەبڕن و بەردەوامن لە وەدیهێنانی دنیایەک کە تێیدا بەرابەری رەگەزی جێگیربێت و بنەماکانی مرۆڤایەتی لە لوتکە دابن.
بە سەرنج خستنە سەر ئەم بابەتە، تێدەگەین بنەڕەتی پێکهاتنی خەباتی جەماوەری ژنانی مافخواز و چالاکانی پرسی ژن، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زایین لەسەر دۆخی خراپی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرک کە ئەو ژنانە مانگرتنیان ڕێکخست و بوون به پێشەنگ و سیمبول بۆ خەباتی مافخوازانەی ژنان.
لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، له ساڵی ۱۹۰٨ی زایینی، ژنانی کارگەی ڕستن وچنین بۆ جارێکیتر بەرامبەر بە هەڵاواردن، نایەکسانی حەقدەست و پێشێلبوونی مافەکانیان مانیان گرت و درگای کارگەیان لەسەر داخراو و کارگەکە سووتێندرا و لەئاکامدا ۱۲۹ کرێکاری ژن لەو ئاگرەدا سووتان. دواتر بەم هۆکارە ڕۆژی ٨ی مارس بە ڕۆژی ژن ناوزەدکرا، کە دەکرێت بە ڕۆژی بێدەنگ نەبوون بەرامبەر زوڵم و ستەم و هاوکات، بەرەنگاربوونەوە پێناسە بکرێت.
لە ساڵانی دواییدا لە وڵاتانی جیهان ئەم ڕۆژە بوو بە هێما و بەشێوازی جۆراوجۆر بەرز ڕادەگیرێت و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی ئەو رۆژەی وەک رۆژی جیهانی ژن بەرەسمی ناسی.
چەوسانەوەی ژنان تاکوو ئێستاش لە سەرجەم وڵاتانی جیهان بەردەوامە، بەڵام لە هەر وڵاتێک بەجۆرێک و بەڕادەیەک تێکەڵ بە توندوتیژییە.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و پێشکەوتوو لە بواری یاسایی و دێموکراتیزە بوون و زانستەوە بەشێک لە مافەکانی ژنان جێگیرکراوە، بەڵام هێشتا ژنان به هەموو مافەکانیان نەگەیشتوون و بەگشتی سەرجەم مافەکانیان پارێزراو نییەو لەژێر هەڕەشە و توندوتیژی و دەستدرێژی دایە، هەربۆیە خەباتیان بەردەوامە.
هەروەها ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا لە بواری یاساییەوە ڕێگەپێدراون بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، وشیارکردنەوە و ڕێکخستنی کۆڕ و کۆمەڵ لەسەر پرسی ژن و ئازادن لە بەرزڕاگرتنی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە ژنان؛ بەڵام لە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ژنان تەنانەت لەو مافەو لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و لەلایەن حاکمیەت و کۆمەڵگە، تووشی توندوتیژی، دەستدرێژی و پێشێلبوونی مافەکانیان دەبنەوە.
بەگشتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە وشیاربوونەوەی ژنان و هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان دەدات و لە ئەگەری دەنگ هەڵبڕین، ژنان لە لایەن دەسەڵاتەوە سەرکوت دەکرێن و تەنانەت یاسا پاڵپشتی چەوساندنەوەی ژنان و پێشێلکەری مافەکانیانە و ڕێگە خۆشکەری پیاوسالاری و سەرکوت سیستماتیکی ژنانە.
بەڵام ژنان تەنانەت لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە سەرکوتکارو دژە ژنەشدا، لە ڕەوتی گەیشتن به مافەکانیان نەوەستاون و بەتایبەتیش لە کوردستان خەباتی ژنان و چالاکانی پرسی ژن له ڕەهەندە جیاوازەکانەوە لە چاو بەشەکانی دیكەی ئێران ڕێکخراوترو جیاوازتر لە ژێر گوشاری ئەمنی بۆ گەیشتن بە سەرجەم مافەکانیان لە هەوڵدان بەردەوامە، بەتایبەت لەو سۆنگەوە کە ڕووبەڕووی ستەمی چەندقات دەبنەوە.
هەربۆیە ستەمی چەندقات بەرامبەر ژنی کوردو خەباتی فرە ڕەهەندی بۆ مافە هەمەلایەنەکانی وایکردووە ژنانی کورد لە چوارچێوەی دیکتاتۆرییەتی ئێراندا تەنانەت لە خەباتیان بۆ پرسی ژن لە پێناو چالاکیەکانیان تێچوی زۆرتر بدەن و بکەونە بەر پەلامار و هێرشی حکوومەتی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر خواستەکانی خۆیان بەردەوامن و لە ناوخۆی کوردستانی ئێران و دەرەوەی وڵات ژنان چالاکانە و بوێڕانە بۆ گەیشتن بە مافو ئامانجەکانیان تێدەکۆشن.
لە قۆناغی ئێستاشدا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دوای هەموو نارەزایەتییە بەرینەکانی خەڵک و نەمانی ڕەوایی، ئەمنیتیتر لە هەمیشە هەڵسووکەوتو سەرکوتی کردووە بە پیشە، بەو پێیەش کە هەمیشە ڕوانگەی وابووە کە بە کۆنترۆڵ و چەسانەوەی ژن تەواوی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر سێتەرەی خۆیەوە، بارودۆخی ژنانی لە ئێران زۆر نالەبارتر کردووە؛ هەر لە بڵاوکردنەوەو ڕەواییدان بە دەیان خەسارو قەیرانی وەک، بە یاساییکردنی توندوتیژی و کوشتنی ژنان کە بەرز بوونەوەی پەت پساوانەی رێژەی تووندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان و بەداخەوە قوربانی بوونی سەدان ژنی بێ دەرەتانی ئەو کۆمەڵگایە نیشاندەری ئاکامی توندوتیژییەکی سیستماتیکە کە کۆماری ئیسلامی روو بە ژنان دەینوێنێ، پێداگری لەسەر منداڵ_هاوسەری، هەژاری و بێکاری لە رادەبەدەرو…
بەمەبەستی کۆتوبەندکردنی ژنان و ڕێگربوون لە ڕەوتی پێشکەوتن و سەرهەڵێنانیان تا هەڵاواردن و بیبەشکردنیان لە سەرجەم جەمسەر و بوارەکانی کۆمەڵگاو بەگشتی خەڵساندنی ژنان و کۆمەڵگا لە هەرجۆرە بەرخۆدان و خەباتێک و تواندنەوەیان لەناو خەسار و کێشەکاندا؛ لە لایەکیتریشەوە سەرکوتی چالاکانی ژن و مەدەنی لە هەموو بوارەکان بەمەبەستی لە دەست دەرنەچوونی ڕەوتی سەرکوت و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا بە سیستماتیکتر کردووە. هەربۆیە پێویستە ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە مەجاڵی هاتنە مەیدانی زیاتری بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ئەو ستەمانە هەیە، زیاتر لە پێشوو، بەرپرسایەتییەکی گەورەتر بخاتە سەرشانی و تۆی خەبات و بەرخۆدان لەناخی هەموو تاکەکانی کۆمەلگا پەرەپێدات و ڕاگری سیمای بەهاکانی وەستانەوە دژی ستەمکاری بێت.
لێرەدا پێویستە بە ئاوردانەوە لە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنی رۆژهەڵات باسی ئەوە بکەین کە پێویستە پرسی ژن و کارکردن بۆ ئەو پرسە وەکوو هەموو بوارەکانی دیکە، ببێتە پرسێکی گشتی و گرنگی کۆمەڵگای مەدەنی، تاکوو وێڕای پێداگری لەسەر بەرپرسایەتی گشتی، پێچەوانەی دەسەڵاتی حاکم تاکەکانی کۆمەڵگا ڕەوتی بەرابەری ڕەگەزی بەرەوپێش بەرن و بنیادنەری کۆمەڵگایەکی پێشکەتوو لەسەر بنەمای بەڕابەری ڕەگەزیبن.
ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، وەک ناوەندێکی تایبەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپێ زەروورەتی کاری هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و زیاتر یەکخستنی دەنگی ژنی کورد و خواست و مافەکانی، وێڕای ئەوەی خۆی بەرامبەر پرسی ژن لە ڕۆژهەڵات بەئەرکدار دەزانێت، لەم ڕۆژەدا پێداگری دەکاتەوە لەسەر خەبات بۆ خواست و مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای ئەوەی ڕووبەڕووی ستەمی چەندقو لەپێناو گەیشتن به یەکسانی مرۆڤەکان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەک کە خاڵی بێت له پێشێلکاری مافی مرۆڤ و توندوتیژی و ڕزگاری ژنان لە ژێر چەپۆک و چەوساندنەوە.
بەرزبێت ڕۆژی جیهانی ژن و بزوتنەوەی حەقخوازانەی ژنان لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت کوردستان.
پیرۆز بێ ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان
ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات