سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەییی وەزی ناوکیی دەڵێ: درێژەی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە هیچ پێوەندییەکی بە چارەنووسی وتووێژەکانی ڤییەن نییە.
ڕافائێل گرووسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش کۆبوونەوەی شۆرای بڕیاردەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە چارەنووسی بەرجام، پێوەندی بە هاوکارییەکانی ئاژانس نێونەتەوەییی وزە و ئێرانەوە نییە وتی: ئەو دوو بابەتە لە یەک ڕاستادا دەچنە پێشەوە و ئێمە پێشکەوتن و دەسکەوتەکانی دوو بابەتەکە چاو لێدەکەین، بەڵام مافی دەستێوەردانمان لە کاروباری یەکتردا نییە و تاران بۆ بەرنامە ناوکییەکەی بەڵێنگەلێکی هەیە کە هیچ جۆرە پێوەندییەکی بە بەرجام و ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکەوە نییە و ئێران دەبێ پێبەند بێ بە بەڵێنە ناوکییەکانی.
ناوبراو لەهەمبەر چالاکییە گوماناوییەکانی ئێران لە سێ دامەزراوەی ناوکیی ڕانەگەیێندراودا وتی: ئێران دەبێ لەسەر ئەو سێ دامەزراوە ناوکییە کە لە ئێستادا چالاکن و ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی لێ ئاگادار نەکردووەتەوە، دەبێ وڵامدەر بێ و ئێمە مانگی داهاتوومان وەکوو دوایین کات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و سەردانی لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ناوکیی بۆ ئەو سێ دامەزراوەیە دیاریکردووە و لەم پێوەندییەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ڕێککەوتنمان کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە؛ پاش سەردانەکەی ڕافائێل گرووسی، بۆ ئێران و چاوپێکەوتنی لەگەڵ “محەممەد ئیسلامی”، بەرپرسی ناوەندی وزەی ناوکیی ڕێژیم، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە بەپێی ئەو بەیاننامەیە، تاران بەڵێنی داوە لەماوەی دوو حەوتووی داهاتوودا ڕوونکردنەوە لەهەمبەر ئەو سێ دامەزراوە ناوکییە شاراوەیە بە ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی بدا.