پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی ” کەریم حەسەنی” ناسراو بە (مام کەریم) لە گوندی “ئاسناوێ”ـی ناوچەی شنۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێمکراتی کوردستان، چەند ڕۆژ لەمەوبەر کاک کەریم حەسەنی، ناسراو بە “مام کەریم” پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “ئاسناوێ”ـی سەر بە ناوچەی شنۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و هەر لە گوندی ئاسناوێ تەرمەکەی بە خاکی پیرۆزی کورستان ئەسپەردە کرا.
مام کەریم کەسایەتییەکی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و جێی متمانەی خەڵکی ناوچەی شنۆ بوو و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەست بوو بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و دوای ماوەیەک بەهۆی کێشە و گرفتی بنەماڵەیی نەیتوانی زیاتر وەک پێشمەرگە درێژە بە خەبات بدات، بەڵام وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزبخۆشەویست بەردەوام لەگەڵ حیزب لە پێوەندیدا بوو و لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ زیندانی کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی بەبۆنەی کۆچیدوایی “مام کەریم حەسەنی”، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی شنۆ دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.