جۆزێڤ بۆرێڵ دەڵێ: ئەگەر ڕووسیە درێژە بە هێرشە سەربازییەکانی خۆی بەدژی ئۆکراین بدا بە ئەگەری زۆر ٥ میلیۆن شارۆمەندی ئۆکراین ئاوارە دەبن.
جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە فەرانسە، سەرەڕای ئاماژە بە درێژەی هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، وتی: دەبێ یەکیەتیی ئورووپا ئامادەکاری بکا بۆ وەرگرتنی ٥ میلیۆن ئاوارەی ئۆکراینی و هەروەها بە هەموو شێوەیەک یارمەتی ئەو وڵاتانە بکەین کە ئاوارە ئۆکراینییەکان وەردەگرن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: پێویستیمان بە قوتابخانە و ناوەندی پێشوازیی زۆرترە و دەبێ خزمەتگوزارییەکان بۆ پێشوازی لە شارۆمەندانی ئۆکراین زیاتر بکەین.
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆتاییدا دەڵێ: ئەو وڵاتانەی کە لە شەڕی ڕووسیە بەدژی ئۆکراین، بێدەنگییان هەڵبژاردووە و پشتیوانیی دیپلۆماتیکیان لە هێرشەکەی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین کردووە، بێبەش دەبەن لە هەموو یارمەتییەکانی یەکیەتیی ئورووپا.