سەرچاوە ئەمریکاییەکان، هەواڵی پووچەڵکردنەوەی پیلانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ تێرۆرکردنی “جان بۆڵتۆن” ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پشتڕاست کردەوە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دادگوستەری ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هەواڵدەریی “واشینگتۆن ئێگزمینێر”ی ڕاگەیاندووە کە بەڵگەگەلێکمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ دوو کەسی ئێرانی سەر بە هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، لە پلان داڕشتن بۆ تێرۆری” جان بۆڵتۆن” ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەور و نەخشی سەرەکییان هەبووە.
پێویستە بگوترێ کە ڕێژیمی ئێران پاش کوشتنی تێرۆریست” قاسم سولەیمانی” لەلایەن ئەمریکاوە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە بەرپرسانی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا بە تایبەتی” دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری پێشوو و مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا کردووە و هەر لەم پێوەندییەدا جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە دەوڵەتی جۆ بایدێن، ماوەیەک پێش، هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا و وتی: بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ئەمریکا لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە پارێزراون و ئێزن بە هیچ کەس و وڵاتێک نادرێ، یاری بە گیانی کەسایەتییەکانی ئەمریکا بکا.