سەرۆكی ئەنجومەنی سێنفیی قیر سروشتیی گیلانیڕۆژاوا ڕایگەیاند كە سەدی ٩٥ی كانگاكانی قیری سروشتیی ئەم شارە داخراون.
جەهانبەخش مەرجانی گوتی، هەر ئێستا نزیك بە سەدی ٩٥ی كانگاكانی قیری سروشتیی گیلانی غەرب داخراون که بەشی هەرە زۆری کانگاکانی پارێزگای كرماشان پێک دێنن.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ هۆكارەكانی داخرانی ئەم كانگایانە وەبیری هێنایەوە كە دەرهێنانی قیری سروشتی لە بواری ئابوورییەوە زۆر به قازانج نییەو لە لایەكی دیكەشەوە بارودۆخی بازاڕیش زۆر خراپە.
بە قسەی مەرجانی، بازاڕی سەرەكیی كرماشان بۆ فرۆشتنی قیر ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات بوو كە ئێستا هیچ قازانجێكی ئابووریی نییەو لە بڕەو كەوتووە، هەر بۆیە خاوەن كانگاكان وازیان لە كارەكانیان هێناوە. ناوبراو هەروەها وەبیری هێنایەوە كە هۆكاری دیكەش ئەمەیە كە ساڵی ڕابردوو بە هۆی باران بارینی زۆر زیانێكی گەورە لە كانگاكانی قیر كەوتو ئێستاش هەر سەرقاڵ خاوێن كردنەوەی ئەم كانگایانەین.
سەرۆكی ئەنجومەنی سێنفیی كانگاكانی قیری سروشتیی گیلانیڕۆژاوا دهڵێ بە تێپەڕبوونی چەندین مانگ لە قهیرانو کێشهی كانگاكان بە هۆی بارینی باران، كاربەدەستانی پێوەندیدار هیچ كارێكیان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیان نەكردوەو ئەمە لە حاڵێك دایە كە هەر کانگایهکی قیر زیاتر لە ٢٠٠ میلیۆن تمەن زیانی لێكەوتووە.
ناوبراو هەروەها دەڵێ لە شاری گیلانیڕۆژاوا نزیك بە 30 كانگای قیری سروشتی هەیە كە پشكی هەرە زۆری پارێزگای كرماشان لەم شارە دابین بهڵام له ئێستادا تەنیا 2 یان 3 كانگا کاریان تێدا دهکرێو ئەوانی دیكه ههمووی داخراون.