لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی ئاخوندی، ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی ئێران ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی ئێران ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییی ماسیگرەکانی شاری جاسک لەبەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە، کرێکارانی شارەوانیی ئاغاجاری لەبەردەم کۆمپانیای میللی ناوچە نەوتییەکانی باشوور لە ئەهواز، کرێکارانی شارەوانیی شووش لەبەردەم فەرمانداری و شارەوانیی ئەو شارە، کرێکارانی شارەوانیی کووت عەبدوڵا لەبەردەم بینای فەرمانداریی کاروون بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییی خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی، ڕەشت، ئەردەبیل، شووش، شووشتەر، کرمان، ئەهواز، ئەراک، کرماشان، قەزوین و تەورێز لەبەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان، کرێکارانی شارەوانیی تەورێز لەبەردەم بینای شۆرای شاری تەورێز، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵای پارێزگای ئیسفەهان لەبەردەم بینای ئیدارەی ئەو سەندووقە لە ئیسفەهان، خانەنشینکراوانی کۆمپانیای فڕۆکەوانی هۆما لەبەردەم بینای کۆمپانیاکە و هێزەکانی ئاگرکوژێنەوەی کەرەج لەبەردەم بینای فەرمانداریی ئەوە شارە بەڕێوە چوو.
هاوکات کرێکارانی گرێبەستیی پیشەی پێترۆشیمیی بووشێهر لە شوێنی کارەکەیان دەستیاندایە مانگرتنی گشتی.