وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامی، لەژێر ناوی “سیاسەتی ئابووریی بەرگریی” وتی: سیاسەتێک کە ئێمە لەو وەزارەتخانەیە بەڕێوەی دەبەین، ناردنی کەسی بێکارە بۆ وڵاتانی دیکە وەکوو هێزی کار.
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، حوجەتوڵا عەبدولمەلەکی، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران وتی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە، ئەو کەسانی بێکار بنێرین بۆ وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی پیشە و پسپۆڕی فێر ببن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ئێران؛ ئەو سیاسەتەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە لە ئێران نرخی بێکاری بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بەرپرسانی ڕێژیم لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەستەوەستان ماونەتەوە و بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانەوە، بێکاری بە تەواوی باڵی بەسەر خەڵکی ئێراندا کێشاوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، نزیکەی ٢.٤ میلیۆن کەس لە ئێران بێکارن و ٢.٢ میلیۆن کەسیش کاری بەردەوامیان نییە و هەروەها ٢ میلیۆن کەسیش لە پەیداکردنی کار بێهیوا بوونە و لە ڕاستیدا بازاڕی کاری ئێران لە دۆخێکی نالەباردایە و ڕێژەی بێکاری چەند هێندەی ئەو ئامارانەیە کە ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی دەکەنەوە.
جێی ئاماژەیە کە، بەهۆی بێکاری لە ئێران، حەشیمەتێکی زۆر لە هێزی کار، بە تایبەت لاوان ڕوو لە وڵاتانی دیکە دەکەن و ئەو قسەیەی وەزیری “کار”ـیش لەو ڕاستایەدایە کە ڕۆیشتنی هێزی کار لە ئێران بە بیانووی فێربوونی پیشە و پسپۆڕی لە وڵاتانی دیکە پەردەپۆش بکات.