ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند کە، دوابەدوای سەفەری بەرپرسی گشتیی ئاژانس بۆ تاران، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە کە لەبارەی شوێنە گومانلێکراوە ناوکییەکانی کە ڕانەگەیەندراوە، ڕوونکردنەوە بدا.
دوای سەفەری ڕافائێل گرووسی، بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی بۆ ئێران و چاوپێکەوتنی لەگەڵ “محەممەد ئیسلامی”، بەرپرسی ناوەندی وزەی ناوکیی ڕێژیم، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە بەپێی ئەو بەیاننامەیە، تاران بەڵێنی داوە لەماوەی دوو حەوتووی داهاتوودا لەبارەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو کە لە سێ ناوەندی ناوکیی کە ڕانەگەیەندراوە، ڕوونکردنەوە بە ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکیی بدا.
هەر بەپێی ئەو بەیاننامە هاوبەشە، ئاژانس دوای وەرگرتنی ئەو ڕوونکردنەوەیە کە تاران لەماوەی دوو حەوتووی داهاتوودا بە نووسراوە دەیدا بە ئاژانس و “ئاژانس”ـیش پێداچوونەوە بەو زانیارییانە دەکا، وڵامی تاران دەداتەوە و دەتوانێ لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە، کۆبوونەوەی جیاواز بەڕێوە ببا بۆئەوەی لەبارەی ئەو زانیارییانە، ڕوونکردنەوەی زۆرتر وەرگرێ.