وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، ئەو گەمارۆیانەی کە بەدژی ڕووسیە پەسەند کراون، هیچ پێوەندییەکی بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی “سیبیئێس” ڕایگەیاند کە، ئەو گەمارۆیانەی کە ئەمریکا خستوویەتە سەر ڕووسیە، هیچ پێوەندی بەوەوە نییە کە کاریگەری لەسەر ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ و ئەمەش وڵامێکی ڕوونە بۆ ڕووسیە کە داوای گەرەنتی لە ئەمریکا کردووە کە گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر هاوکاریی مۆسکۆ لەگەڵ تاران نەبی.
هەروەها محەممەد مەرەندی، ڕاوێژکاری هەیئەتی دانوستانکاری ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی “ئەلجەزیرە” وتی: دانوستانەکانی ناوکیی تەواو نەبووە و تا ئێستا خاڵە سەرەکییەکان لە جێی خۆیاندا ماون کە دانوستانی لەسەر بکرێ و لەلایەک تاران چاوەڕێی ڕوونکردنەوەی ڕووسیەیە لەبارەی داواکارییەکانی لە ئەمریکا و لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا وڵامی هێندێک داواکاریی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نەداوەتەوە.