سەرەڕای هۆشدارییەکانی کارناسانی ئابووری لەهەمبەر بەرزبوونەوەی نرخەکان، گەڵاڵەی لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی لە ساڵی داهاتوودا بە دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پەسەند کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ١٩٤ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران دەنگی ئەرێنییان بە گەڵاڵەی لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بۆ ساڵی داهاتوو داوە و بە زۆرینەی دەنگی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ئەو گەڵاڵەیە پەسەند کراوە.
لەم پێوەندییەدا، ئەلیاس نادران، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: دەوڵەت بەرپرسیارە پێش لە لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی، دیسان کۆپین دابین بکا بۆ وەرگرتنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و هەروەها دابینکردنی بیمە بۆ کاروباری تەندروستیی شارۆمەندانی ئێران.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: دەوڵەت پێش لەوەی کە دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بۆ هاوردەکردنی پێداویستییە سەرکییەکان لە ساڵی داهاتوودا لاببا، دەبێ بەرنامە و ڕێکارێکی گونجاوی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانە کە بەهۆی لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنییەوە ڕووبەڕووی خەڵک دەبێتەوە جێبەجێ بکا، بە جۆرێک کە دوای لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان چەند هێندە بەرز نەبێتەوە.
شایانی باسە کە پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێکی زۆر لە کارناسانی ئابووری و هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی رێژیم، هۆشدارییان سەبارەت بە لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی دابوو ڕایانگەیاندبوو و کە لە ئەگەری پەسەندکرانی ئەو گەڵاڵەیە کێشەگەلێکی گەورەی ڕووبەڕووی خەڵکی ئێران دەبێتەوە و نرخی پێداویستییەکانی ژیان چەند هێندە بەرز دەبێتەوە.