دۆمێنیک ڕاب، جێگری سەرۆکوەزیرانی بریتانیا دەڵێ: شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بە ئەگەری زۆر چەند مانگ بەردەوام دەبێ.
دۆمێنیک ڕاب، جێگری سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ” ئێسکای نیوز” وتی: هاوپەیمانەکانی ئۆکراین، بۆ ئەوەی کە لە شکستی ولادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە دڵنیا ببنەوە، دەبێ بەرگری و خۆڕاگرییەکی ئیستراتیژیک نیشان بدەن بەهۆی ئەوەی کە ئەو شەڕە بە چەند ڕۆژ کۆتایی نایە.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە گەمارۆ بەرفراوانەکانی وڵاتانی ئورووپایی بەدژی ڕووسیە وتی: ئەو گەمارۆیانە گوشاری زۆری خستووتە سەر پوتین و سەرۆککۆماری ڕووسیە بە تاکتیکگەلێکی بێبەزەییانەتر وڵامی ئەو گەمارۆیانە دەداتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بۆریس جانسۆن، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، داوای لە ڕێبەرانی وڵاتانی دیکە کردووە کە پەیوەست ببن بەو گەڵاڵە ٦ ماددەییەوە بۆ کاردانە سەبارەت بە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەو گەڵاڵە ٦ ماددەییە، ڕێکارگەلێک بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ خەڵکی ئۆکراین و هەروەها سەپاندنی گەورەترین گەمارۆ ئابوورییەکان بەدژی ڕووسیە لەخۆ دەگرێ.