هاوکات لەگەڵ یازدەهەمین ڕۆژی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە ڕایگەیاند کە ٢ هەزار و ٢٠٣ ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینی لەنێو بردووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە؛ هاوکات لەگەڵ یازدەهەمین ڕۆژی بەردەوامی هێرشە بەربڵاوە سەربازییەکانمان بۆسەر ئۆکراین، ٢ هەزار و ٢٠٣ ژێرخانی سەربازیی ئۆکراین، ٨ فڕۆکەی شەڕکەر لە باشووری ئۆکراین و بنکەیەکی ئاسمانیی ئۆکراینمان لەنێو بردووە و هەروەها ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری “بایراکدار”، ٦٩ فڕۆکەی شەڕکەر لەسەر زەوی، ٢٤ فڕۆکەی شەڕکەر لە ئاسمان و ٧٧٨ تانکی ئۆکراینیان لەنێو بردووە.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیەدا هاتووە کە؛ هێزە سەربەخۆییخوازەکانی دۆنێتسک و لۆهانسک، کۆنترۆلی ١١ شاریان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین بەدەستەوە گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە ئەرتەشی ئۆکراین، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە کە؛ لە دەستپێکی هێرشی سەربازیی ڕووسیەوە بۆسەر ئۆکراین زیاتر لە ١١ هەزار سەربازی ڕووسی کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە لە کۆتاییدا دەڵێ: هێرشی بەربڵاوی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین درێژەی دەبێ.