یەک دوو ڕۆژی دیکە ڕۆژی ٨ی مارس دێتەوە. ٨ی مارسی ئەمساڵ دەکەوێتە ١٧ی ڕەشەمەی خۆمان. پێموابێ ئەم چوارشەمەیە نا چوارشەمەی ئەولاتر چوارشەممە سوورییە. ئەمجارە ڕووی قسەم دەگەڵ ئەو کیژۆڵە و گەورەکچ و سەرەژنانەیە بەخۆیان دەنازن و شایی بەخۆن و دەستیان لەم دنیا خۆشە بەرنەداوە. منیش وەک ئێوە دنیام پێ خۆشە. ههتا ئەوێ ڕۆژێ دەنێو گۆڕیچەی قەبریدا درێژم دەکەن و خۆڵەبانی چاوانم دەکەن، واز لەو دنیا خۆشە ناهێنم. جا ئەگەر دنیا خۆش نەبایە ئەو خەڵکە بۆ ئەوەندە خۆی بۆ ماندوو دەکرد و ئەم هەموو فرت و فێڵەی دەکرد.
چەند ساڵێکە لەکاتەوە ئەم ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلفزیۆن و شتانە لە جاری جاران بەهێزتر بوونە و ئەم ئینترنێت مینترنێتە گەیشتووەتە سەر هۆبە و هەوار و کانی و دەراوانیش، شتی وا کەوتوونەتە سەر زار و زمانان چەند ساڵ لەمەوبەر نەمانبیستبوون. ٨ی ماریس هەر لەم دواییانەدا کەوتە سەر زار و زمانی پیاوان و ژنانی ئێمە.
دارسمەی خۆتان لە سەروبندەی ١٧ی ڕەشەمە و ٨ مارس بەبۆنەی ئەم جەژنە خۆشە پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکا. هەروا بێتەوە، شتێکی دیکەش بڵێم باشە، ئەویش ئەمەیە بەشێک لە پیاوان ٨ی مارس و ژن و منیان بە فشە گرتووە و دەڵێن هەموو شتێک بۆ پیاوانە. بەڵام قسەی خۆمان بێت و لەنێو خۆمان دەرنەچێ، ئەوانیش درۆ دەکەن. لە خەڵوەتی ژیانیاندا ناوێرن به قاقا پێبکەنن، بەڵام بە نەرمی بەرانبەر بە درۆی خۆیان گڕ دەبنەوە و دەڵێن “ئەوانەی پێیانوایە ژن ژیانە، ئەشەدووبیلا ڕاست دەڵێن، خوا پێمان ڕەوا ببینێ، هەر پیاوێک سێ چوار ژنی هەبێت باشە.” ئەو پیاوانە بە بیستنی ناوی ژنی ڕووهەڵماڵاوی وەک پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤان و شتی وا تێکدەچن و هەرلە بنەڕەتڕا کەیفیان بەو ژنانە نایەت خۆیان دە کاروباری پیاوان هەڵبقورتێنن. بەڵام ئەو ژنانەی بە قسە و ڕێنوێنیی ئەوان خۆیان لە کاروباری پیاوان وەردەدن، ئەوانیان پێ باشە.
پێم خۆشە ئەو چەند قسەی دواییم بۆ نێو پیاوان دزە نەکا و لە مەجیلسی ژنانە درنەچێ. هێندیک پیاو هەن پێیان وایە ژن و پیاو بەرانبەرن، بەڵام لەنێو ئەم هەموو خەڵکە دووڕوویە ناسینەوەیان زۆر زەحمەتە. خۆ ناوێرم لەنێو ژنانیش باسی هەموو شتێک بکەم. هی وایان تێدایە زاربەهاوارە و خێرا بە نێو خەڵکدا بڵاوی دەکاتەوە. زۆربەی پیاوانی ئێمە لەبەرانبەر ژناندا دەستەوەستانن. مەبەستم هەر پیاوانی کورد نییە، ئەم قسەیەم هەموو پیاوانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و بەشێک لەو وڵاتانانەش دەگرێتەوە کە خۆیان بە پێشکەوتوو دەزانن. ئەم جۆرە پیاوانە کاتێک بە یەکتری ناوەستن، ژنان بە گژ بەرانبەریاندا دەکەن.
هەتا ئێستا ئەگەر دەیانگوت “سیاسەت قووڵە”، پێکەنینم دەهاتێ، بەڵام ئێستێ دەترسم ئێمەشی تێ بکەوین. هێندیک جاریش ژنی وا هەڵدەکەون پاڵ بە پیاوانەوە دەنێن و لە قووڵایی سیاسەتدا دەیان”خنکێن”ن.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا خانمێکی جوولەکە بە ناوی”کاترین شەکدەم” ئاشکرای کرد چەند ساڵێکە خۆی لە پەڕۆپال و مەقنەعە و چارشێوەوە وەرپێچاوە و هەتا بن لووتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لێی نزیک بووەتەوە و باوەشی گەرمی پێشانی ئەندامانی بنەماڵە و دەست و پێوەندیی دەم بەلیکاوی “نیزامی موقەدەس”داوە و ئەوانیش به چەشنێک دەمیان بۆی بەش کردووەتە، هەرچی دەنێو دڵ و دەروونیان دابووە بۆیان هەڵڕشتووە.
کاترین خانم پاش ئەوەی بە سەرۆپۆش و باڵاپۆشی پەسندی کۆماری ئاخوندانەوە لە خۆباندان و وتار نووسین و پێهداهەڵدان بە بەژن و باڵای نیزامی موقدەسدا دەستی لە “ئەنیسە خەزعەلی” و “شەهێنی مەڵاوێردی” و “مەعسوومە ئینتکار”یش ئەستاندووە، ئاوێکی ساردی بە بەژن و باڵای ئاخوند و ماخوندی هەڵسووڕێنەری کۆماری ئیسلامی داکردوە. لە ڕۆژنامە و گۆڤاری دوور لە دەسەڵاتی ئێران قژی بەلادا کردووە و سنگی ڕەپێش خستووە و خۆی لەسەر پیاوە فسۆسەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵسووراندووە. ئەو دوای ئەو پەندەی بەسەری هێناون، پەنجەیان لێ بەرز دەکاتەوە و بە گەمژەییان پێدەکەنێ.
ئێستا دەستوپێوەندیی خامنەیی دەزانن کاترین لە جیات ئەوەی خوێرییەتیەکانیان لەهەڵڵا بدات، لە ژێرەو دەیانقورینجێتو هەتا ڕۆژی مردن هەڵیاندەلەرزێنێ و چۆنی بیهەوێ هەڵیاندەپەڕێنێ.
پیش ئاشکرابوونی بەسەرهاتی ئەم کاترین خانمە، خۆ لەبیرتانە کە میرزا حەمەعەلی نەجەفی، شارەداری پیشووی شاری تارانیش، “میترا استاد”ی هاوسەر خۆی دابووە بەر ڕێژنەی فیشەک و کوشتبووی. دواتر گوتیان ئەو لەجیاتی ژنی خۆی تەنیا “پەڕەسێلکە”یەکی کوشتووە.
پەرسێلکە باڵندەیەکی جوان و ناسکۆڵەیە. هەرکەس بۆ بگیرێ و بکەویتە بە دەستی، دەست بەسەر تووکی نەرمی دادێنتی، دەنووکی ماچ دەکا و دەیخاتە باوەشی و خوراکی پەسندی خۆی بۆ دەدۆزیتەوە و دەیخاتە نێو قەفەسی زێڕینەوە. ئەمە هەموو بەجێگەی خۆی، بەڵام ئەو ناز و کرێشمەیەی ئەم جۆرە پەڕەسێلکانە دەیکەن، کوا بەمن و بە تۆ دەکرێ؟ پەڕەسێکە وا لە خۆی دەکا مەیدانی باڵەفڕکە و قوندە قوندە کردن و چینەکردنی بکاتە شەڕگەی پیاوانی چاوچنۆک و بێدەسەڵات.
هەندێک جاریش پیاوان چاویان بە شەوارە کەوتوە و هەڵۆ و پەڕەسێلکەیان لێ تێک چووە و خۆیان بوونتە کۆترە باریکەی بەر چەنگی ئەم جۆرە هەڵۆیانە.
هەشتی مارس لە “پەڕکووری چەنگ بەخوێن” پیرۆز بێت.