دوو هاونیشتمانی خەڵکی پیرانشار دوای ١٢٨ ڕۆژ لە گرتنیان هەروا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، دوو هاونیشتمانی خەڵکی ئاوایی “پەسوێ” سەر بە شاری پیرانشار بە ناوەکانی “ئەنوەر شێخە” ٤٥ ساڵە کوڕی عەلی و “لوقمان عەزیزی” ٣٠ ساڵە کوڕی عەزیز دوای تێپەڕینی ٤ مانگ و ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو دوو بنەماڵەیە بە “چاونیوز”ـی ڕاگەیاندووە: ئەم دوو هاونیشتمانییە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراون و بنەماڵەی ئەم دوو کەسە چەندین جار سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان کردووە بەڵام هیچ هەواڵێکیان پێ نەداون و ئیزنی چاوپێکەوتنیشیان پێنەدراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی باس کرد کە، بنەماڵەکەیان هەوڵی ئەوەیان داوە پارێزەریان بۆ بگرن بەڵام ئیتلاعات ئیزنی نەداوە و ئێستا لە نیگەرانییەکی زۆردان.