ئۆکراین بە فەرمی داوای کەرەستەی شەڕ و بەتایبەت فڕۆکەی شەڕکەر و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە ئەمریکا دەکات.
ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڤلادیمیر زێلێنسکی، سەرککۆماری ئۆکراین و جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بارودۆخی ئۆکراین و ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە باس و وتووێژیان کرد و لە نێوئاخنی قسەکاندا، سەرۆککۆماری ئۆکراین داوای لە ئەمریکا کرد کە لە هەموو بوارێک و بەتایبەت کەرەستەی ئەمنییەتی و شەڕدا یارمەتیی ئۆکراین بدات.
هەر لەم پێوەندییەدا دیمیترۆ کوولێبا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئۆکراین لەگەڵ ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە سنووری وڵاتی لەهێستان کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا، کوولێبا داوای لە بلینکێن کرد کە ئەمریکا لەم بارودۆخەی ئۆکرایندا یارمەتیی ئەو وڵاتە بکات و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پێویستی بە کەرەستەی شەڕ و بەتایبەت فڕۆکەی شەڕکەر و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەیە.
شایانی باسە کە ئەو ئۆکراینییانەی کە وەکوو پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی تری ئورووپا کردووە، داوایان لە ناتۆ کردووە کە ئاسمانی ئۆکراین بپارێزێت و باسیان لەوە کردووە خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە و بەتایبەت ناوەندە مەدەنییەکان وەکوو نەخۆشخانە، قوتابخانە، بنکەی بەساڵاچووان و ناوەندە مرۆڤدۆستانەکان چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیە.