کۆشکی کرێملین بە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕووسیە گەورەتر لەوەیە کە بکەوێتە پەراوێزەوە و جیهانیش لە ئەمریکا و ئورووپا بەربڵاوترە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە وتنی ئەوەی کە هەڵسوکەوتی وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ ڕووسیەدا وەکوو هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕێگر و چەتە وایە وتی: وڵاتانی ئورووپایی سەرقاڵی سەپاندنی “شەڕێکی مافیایی ئابووری” بەدژی ڕووسیەن، بەڵام دڵنیابن کە موسکۆ وڵامی گونجاوی بۆ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا دەبێ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆ بخاتەسەر هەناردەکردنی وزەی ڕووسیە، بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لە دەستپێکی هێرشی سەربازیی ڕووسیەوە بۆسەر ئۆکراین، هەموو وڵاتانی ئورووپایی، یەکیەتیی ئورووپا، ناتۆ، ئەمریکا، ئاڵمان و بریتانیا بە شێوەیەکی یەکدەنگ و بەربڵاو پشتیوانیی سەربازیی و ماڵی خۆیانیان لە ئۆکراین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ڕووسیە ڕاگەیاندووە.
وڵاتانی ئورووپایی هەروەها گەمارۆگەلێکی قورسیان بەدژی پوتین، لاڤرۆڤ و زۆربەی بەرپرسانی ڕووسیەدا سەپاندووە بە جۆرێک کە لە ئێستادا ئابووریی ڕووسیە تووشی کێشە بووەتەوە.