ڕووسیە بەهۆی ئەو گەمارۆیانەی کە لەلایەن ڕۆژاواوە دوای هێرش بۆسەر ئۆکراین بەسەریدا سەپاوە، دەڵێ؛ ئەو گەمارۆیانە دەبێتە دیوارێک لە بەرامبەر گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران و داوای گەرەنتی لە ئەمریکا کردووە کە ئەو گەمارۆیانە، بە هیچ شێوەیەک نابێ لەسەر هاوکاریی بازرگانی، ئابووری و هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ئێران کاریگەرییان هەبێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “ڕۆیتێرز” ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیە وتی: ئێمە پێویستمان بە گەرەنتی هەیە لەلایەن ئەمریکاوە کە دوای گەیشتن بە ڕێکەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران، گەمارۆکانی ڕۆژاوا لەسەر ڕووسیە نابێ پێوەندییەکانی ڕووسیە و ئیران لەخۆ بگرێ.
هەروەها ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە و وتی: ئێمە بە نووسراوە گەرەنتیمان لە ئەمریکا دەوێ کە، لە ئەگەری لانەبردنی گەمارۆکان بەدژی مۆسکۆ، بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەو گەمارۆیانە لەسەر هاوکاریی بازرگانی، ئابووری و هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ئێران کاریگەرییان هەبێ و پێویستە بەرژەوەندیی ئەم ڕووسیە لەبەرچاو بگیردرێ.