پێشنیاری نێوبژیوانی ئیسرائیل لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ لەسەر داوای زێلێنسکی هاتووەتە ئاراوە و نەفتالی بێنێت لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ پوتین، بۆ ڕاوەستانی خێرای شەڕ هەوڵی داوە.
ماڵپەڕی ئاکسیوس، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە زاری وتەبێژی دەفتەری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتنی نێوان نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و پوتین سەرۆککۆماری ڕووسیە لە مۆسکۆ لەسەر داوای زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین، ئیسرائیل پێشنیاری ناوبژیوانی لەسەر کێشەکانی ڕووسیە و ئۆکراینی هێناوەتە بەر باس و هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ کە ڕووسیە کۆتایی بە شەڕ لە ئۆکراین بهێنێ.
لەلایەکی دیکەوە دەیڤید ئاراخامیا، بەرپرسی تیمی وتووێژی ئۆکراین، ڕۆژی شەممە بەبێ هیچ ئاماژەیەک بە وردەکارییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسی: ئۆکراین و ڕووسیە دەوری سێهەمی وتووێژەکانیان ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بە مەبەستی ڕاوەستانی شەڕ دەست پێدەکەنەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە دەوری دووهەمی وتووێژەکان لە سنوورەکانی ئۆکراین_ بیلاڕووس و ئۆکراین _ مەجارستان بەڕێوە چوو بوو کە بەبێ هیچ ئاکامێک کۆتایی بە وتووێژەکان هاتبوو.