مامۆستا مەلا شێخ “محەممەد ئیبراهیمی” یەکێک لە مامۆستایانی ئایینی، نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری کورد بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەریوان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، مامۆستا مەلا شێخ محەممەد ئیبراهیمی، کەسایەتی ئایینی و نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
مامۆستا مەلا شێخ، یەکەمین پێشنوێژی هەینیی شاری مەریوان بوو کە دوای شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرت و ٢ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی بێڕێزی بە ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئیتلاعاتی سپا بانگهێشت کرابوو و دواتر پەروەندەکەی بۆ دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی “هەمەدان” نێردرابوو و لەلایەن لقی یەکەمی ئەو دادگایە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپا کە دواتر ئەو حوکمە بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە، بۆ سزای بژاردنی پارە گۆڕدرا و هەر بەپێی حوکمی ئەو دادگایە ناوبراو بۆی نەبوو هاتوچۆی دەرەوەی ئێران بکا و لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە بەشداری لە دانیشتن و ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیش بێبەش کرابوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا مەلا شێخ محەممەد، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزم و کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی مەریوان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.