ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێکهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی حکوومەتیی بە ناوی “جێژنی نەورۆز” لە کوردستان، لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی خەڵکی کوردستانە.
بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە هێندێک ناوەندی سەربە ڕێژم بە هاوکاریی ناوەندەئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکان لە شاری سنە، دەیانهەوێت ڕێوڕەسمێک بە ناوی “جێژنی نەورۆز” لە گۆڕەپانی وەرزشیی ٢٢ی گوڵان لەم شارە بەڕێوە ببەن، ئەم هەوڵەی ڕێژیم ئەگەر لە لایەک بەتاڵکردنەوەی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە نەورۆزە لە هەر جۆرە نێوەڕۆکێکی کلتووری و شوناسخوازانەی کوردی، لە لایەکی دیکەش پیلانێکە دژ بەو کەڕنەڤاڵە جەماوەرییانەی کە چەند ساڵێکە بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی هەتاوییەوە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێ.
بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک بە ناوی “جێژنی نەورۆز” ئەویش بە تەنیا لە پاڕێزگای سنە و ڕاست لە شوێنێک دا کە لەلایەن ڕێژیمەوە دیاری کراوە و نێوەرۆکی رێوڕەسمەکەش لەلایەن ڕێژیمەوە دیاری دەکرێ و وتەبێژان و بەڕێوەبەرانی لە کەسانی سەر بە ڕیژیم و دەزگا ئیتلاعاتییەکانن، جیا لە پیلانگێڕی و بێڕیزیکردن بە بۆنەیەکی نەتەوەیی وەک نەورۆز ناتوانێ هیچی دیکە بێت.
بۆیە خۆبواردن لە بەشداریکردن لەم جۆرە ڕێوڕەسمە نمایشیانە و بەتاڵ هێشتنەوەیان، ئەرکی هەمووان و [نا]یەکی ماناداری دیکەیە بە ڕێژیمی دژ بە کورد و نەورۆزی کوردەواری.