پاش کۆتایی هاتنی دانیشتنی بەپەلەی وەزیڕانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، سکرتێری گشتیی ناتۆ سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی ڕووسیە دەبێ بە خێراترین کات ئۆکراین چۆڵ بکەن وتی: هێرشی ڕووسیە ئاسایشی ناوچەکەی تووشی مەترسی کردۆتەوە.
یێنس ئەستۆلتێنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ناتۆ ئامادەیە کە بست بە بستی خاکی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا بپارێزێ وتی: کێشە و شەڕ لە ئۆکراین دەتوانێ ببێتە شەڕێکی بەرفراوان لە ئورووپا و دەرد و کێشەکانی خەڵک زۆرتر دەکا، بەتایبەتی ئەگەر ناتۆ ناوچەی گەشتی فڕۆکەکان لە سنووری ئاسمانی ئۆکراین قەدەغە بکا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لەدرێژەدا داوای لە پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە کردووە کە بە بێ هیچ مەرجێک و بە خێراترین کات کۆتایی بەو شەڕە بێنێ و لە خاکی ئۆکراین بچێتەدەرەوە و هۆشداری دەدا کە ڕۆژانی داهاتوو خراپترین ڕۆژەکانی ئۆکراین دەبێ.
ناوبراو سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ناتۆ درێژە بە پشتیوانییەکانی لەهەمبەر هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین دەدا وتی: ڕووسیە بەهۆی هێرش بۆ سەر ئۆکراین دەبێ باجێکی قورس بدا.