سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێ: پوتین بەهۆی بڕیاری هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراین دەبێ باجێکی قورس بدا.
جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە یەکەمین کۆنفرانسی ساڵانەدا لە کۆنگرەی ئەمریکا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە بەهۆی هێرش بۆ سەر ئۆکراین دەبێ باجێکی قورس بدا وتی: ئەمریکا سنووری ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ڕووسیەدا دادەخات.
جێگەی ئاماژەیە کە پێش لە ئەمریکا وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و کانادا سنووری ئاسمانی وڵاتەکەیان بەڕووی گەشتی فڕۆکەکانی ڕووسیەدا داخستبوو.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لەدرێژەی کۆنفرانسەکەدا کە بەشی زۆری تەرخان کردبوو بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە هەڵەکانی پوتین ڕایگەیاند کە؛ سەرۆککۆماری ڕووسیە زۆر بە خراپی گۆشەگیر بووە و دروای ڕووسیە”ڕووبل” زیاتر لە سەتا ٣٠ی بایەخی خۆی لەدەستداوە و خەسارێکی گەورە وەبەر ئابووری ڕووسیە کەوتووە.
ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە؛ شەڕی داسەپاوی پوتین بەدژی ئۆکراین لەپێشدا پلانی بۆ داڕێژرا بوو و ناتۆ و ئورووپا ئامادەی ئەو بارودۆخە بوون.