سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەهەمبەر وردەکاریی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران نیگەرانی دەربڕی و هاوکات “ئاڵمان”ـیش وتی: دەبێ وتووێژەکانی ڤییەن بەخێرایی کۆتایی پێ بهێنرێ و چیتر نابێ دوا بخرێ.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ” ئۆلاف شوڵتز” سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە وڵاتی ئیسرائیل بەڕێوە چوو، بە نیگەرانییەوە باسی لە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕیژیمی ئیڕان کرد و وتی: نابێ بەهیچ شێوەیەک وڵاتە زلهێزەکانی جیهان ڕێگە بە کۆماری ئیسلامیی ئیران بدەن دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.
“ئۆلاف شوڵتز”ـیش لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات ئاسایشی ئیسرائیل و ناوچەکەش دەکەوێتە مەترسییەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە، پێویستە دانوستانەکانی ڤییەن بە زووترین کات ئەنجامی هەبێ و نابێ چیتر دوابخرێ و دەبێ ئاکامەکەشی ئەوە بێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ناوکیی و هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆسەر جیهان.