باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی حاجی “ڕەحیم نادری” بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی ڕەحیم نادری باوکی شەهید “ڕەزا نادری” شەهیدی ڕێگای ئازادی و ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە کەسوکاری کرد.
حاجی ڕەحیم، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر چاوی بە دنیا هەڵێنا و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە ئەندامانی چالاکی کۆمەڵەی ژێکاف بوون.
شایانی باسە کە شەهید “ڕەزا نادری” کوڕی حاجی ڕەحیم، شەهیدی ڕێگای ئازادی و حیزبی دێموکرات لە ساڵی ۱۳٤۹ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد لەدایک بوو و لە ساڵی ۱۳٦٤ی هەتاویدا پەیوەست بوو بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و وەک پێشمەرگەیەکی بەوەج و لێهاتوو تا پلەی سەرپەلی گەیشت و لە ساڵی ۱۳٦۹دا لەتەمەنی ٢٠ ساڵی و لە شەرێکی قارەمانانەدا لە عەمەلیاتی مەحموداوا تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی کوردستانەوە بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی حاجی ڕەحیم نادری، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.