ئەندامێكی هەیئەتی بەڕێوەبەریی پیشەسازیو سامانەكانی ڕێژیم دانی بە داخرانی یەكەكانی بەرهەمهێنان داناو گوتی، ئێستا نزیك بە ١٠ هەزار یەكەی بەرهەمهێنان داخراون.
ئاڕمان خالەقی گوتی ئەگەر ژمارەی یەكەكانی بەرهەمهێن لە ئاستی ئێراندا ٦٧ هەزار یەكە بێ، سەدی٣٠ ی ئەوان داخراونو لە چالاکی وەستاون.
ناوبراو هەروەها دەڵێ تەنیا سەدی ٥٠ی یەكەكانی شارۆچكە پیشەسازییەكان بە بارستایی سەدی ٢٥ چالاكن، ئەمە بەم مانایەیە كە ئاستی وەستان یان داخرانی یەكەكانی بەرهەمهێنان بە شێوەیەكی بەرچاو لە حاڵی بەرزبوونەوە دایە.
وەزیری پیشەسازیی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیش دانی بە وەستانی یەكەكانی بەرهەمهێنان داناوەو دەڵێ بەگشتی٧ هەزار یەكەی بەرهەمهێنان لە شارۆچكە پیشەییەكانی ئێران داخراون.
محەممەدڕەزا نێعمەتزادە گوتی بۆ چالاككردنەوەی ئەم یەكە داخراوانە بڕی ١٦ هەزار میلیارد تمەن ئاسانكاریی بانكیو یارانە پێویستە.
شایانی باسە كە داخرانی یەكەكانی بەرهەمهێنان لە دەوڵەتی ڕۆحانیدا نیشانەی ئەمەیە كە قەیرانی ئابووری بەرۆكی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرتووە.