بەبۆنەی ٤٣یەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان سمینارێک لەژێر ناوی “لە ڕابردوویەکی پڕ لە سەروەری بەرەو داهاتوویەکی گەش” بەڕێوە چوو.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سمینارێکی لە سێ بەشدا بەبۆنەی ساڵرۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوە برد.
بەشی یەکەمی سمینار تەرخانکرابوو بە “مێژوونووسیی ئاکادێمی و چەند سەرنجێک” کە لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دوکتور هوشمەند شێخانی پێشکەش کرا. دکتور هوشمەند بە سەرنجدان بە مێتۆدەکانی مێژوونووسیی ئاکادێمی، باسی لە ئەرکی مێژوونووس و هەروەها دەورگێڕانی سەرچاوەکان و بەڵگەنامەکان لە تۆکمەکردنی نووسینەوەی مێژوودا کرد. ناوبراو بە نمونەهێنانەوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە لە قۆناغی جۆراوجۆردا هەوڵ دراوە مێژووی ئەو حیزبە چەواشە بکرێت، بەڵام ئەرشیڤی مێژوویی ئەم حیزبە و تەنانەت ئەرشیڤی نەیارانی ئەو حیزبەش، هاوکار بووە لەوەیکە دەستکاریکردنی مێژووی ئەم حیزبە کارێکی ئاستەم بیت.
بەشی دووهەمی سمینار تەرخان کرابوو بە “پێگەی جەماوەری حیزبی دێموکرات” کە لەلایەن مەنسوور مروەتی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب پێشکەش کرا.
مەنسوور مروەتی بە ئاماژە بە ڕووداوە گرنگ و جەماوەرییەکانی مێژووی ئەو حیزبە، بەتایبەت میتینگی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ و هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خیبرەگان و مەجلیسی شۆرای میللی لەکاتی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و هەروەها مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە پێگەی جەماوەری ئەو حیزبە هێنایە ئاراوە.
لە بەشی کۆتایی سمینارەکەدا پێشەوا عەلی پوور ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بابەتێکی لەژێر ناوی “هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات لە هاوکێشەی نێوان دۆستایەتی و سەربەخۆییدا” پێشکەش کرد. پێشەوا عەلی پوور لە باسەکەیدا ئاماژەی بە چەند هەڵوێستی حیزبی دێموکرات کرد کە تێیدا حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی خاوەن ئەخلاق و هەڵوێست لە تێکۆشانی سیاسی خۆیدا هەیبوە. هەڵوێستی حیزب سەبارەت بە مەحکوومکردنی هێرشی خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی خومەینی بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و هەروەها مەحکوومکردنی کیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن سەدام حوسێن لە سەردەمێکدا کە حیزبی دێموکرات و حکومەتی عێراق پێوەندییان هەبوە، لەلایەن کۆڕگگێڕ وەک نمونەی دیاری پاراستنی سەربەخۆییی سیاسیی حیزبی دێموکرات ئاماژەی پێکرا کە لە قۆناغی جۆراوجۆردا ئەو حیزبە دۆستایەتی و بەرژەوەندییەکانی خۆی فیدای سەربەخۆییی سیاسی کردووە.
لەکۆتایی سمینار، چەند سەرنجێک لەلایەن بەشداربووان هاتنە گۆڕێ کە لەلایەن کۆرگێڕانەوە وڵام درانەوە.