سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕوو بە ئەندامانی “مووساد” وتی: بە نزیکبوونەوە لە کاتی بڕیاردان لەبارەی ڕێککەوتنی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، مووساد کاری زۆرتری ماوە بۆ ئەوەی بەدژی تاران ئەنجامی بدا.
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە “مووساد”، وتی: لە حاڵێکدا کە لە ئێستادا ئیسرائیل لەبارەی دانوستانەکانی ڤییەن ئاگاداری هەموو شتێکە، بەڵام کار و ئەرکی ئێوە وەکوو “مووساد” قورستر و زۆرتر دەبێ، لەبەر ئەوەی ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادا کە تاران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا هەروەک چۆن لە ڕابردوودا سایتەکانی ناوکیی و بەرپرسە پلەبەرزەکانی ڕێژیم لە بەرنامەی ناوکیی کراونەتە ئامانجی هێرشەکانمان.
هەروەها ناوبراو لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: ئەرکێک کە لەسەر شانی ئێوە هەیە زۆر گرینگە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدرێ کە بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئیران بکرێنە ئامانی هێرشەکانی مووساد و ئەوە هێڵی سوورە بۆ ئێمە کە تاران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و دەبێ وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمانانیش پشتیوانیمان لێ بکەن، بەهۆی ئەوەی ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا کۆمەڵگەی جیهانی تووشی کارەساتی مرۆیی دەبێ.