هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەشتبەندی شاری میناب بەدانانەوەی بۆسە و هێرش بۆسەر کاسبکاران دەستیان بەسەر ماشینی سووتەمەنیبەرانی بەلووچ لەو ناوچەیەدا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەشتبەندی سەر بە شاری میناب، بەدانانەوەی بۆسە و کەمین لەسەر ڕێگا هێرشیان کردۆتە سەر کاسبکارانی بەلووچ و دەستیان بەسەر ١٣ ماشینی سووتەمەنیبەری بەلووچدا گرتووە.
جێگەی ئاماژەیە کە نەبوونی کار لە سیستان و بەلووچستان، ڕۆژهەڵاتی هۆرمۆزگان و ڕۆژاوای کرمان کە زۆربەیان شارۆمەندانی “بەلووچ”ن، بووەتە هۆکارێک کە زۆربەی ئەو خەڵکە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان ڕوو لە کاری پڕ لە مەترسیی سووتەمەنیبەری بکەن و بەردەوام لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هێرش دەکرێتە سەریان و گیان و ماڵیان ڕۆژانە لە مەترسیدایە.
بەپێی ئامارە ساڵانەکانی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٨ سووتەمەنیبەری بەلووچ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٣١ سووتەمەنیبەری بەلووچیش بریندار بوون.