گوشار بۆسەر “ئێنجیئۆ” و ڕێخکراوە مەدەنییەکان لە ئێران زیادی کردووە و ماڵی هەتاو “خانە خورشید” داخرا.
دامەزرێنەرانی “خانە خورشید” ماڵی هەتاو، لیلا ئەرشەد و سروور مونشیزادە، ڕایانگەیاند کە؛ پاش ١٧ ساڵ چالاکیی یەکەمین ناوەندی کەمکردنەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، بەهۆی گوشارەکان و بە زۆرملێ، ئەو ڕێکخراوە خەڵکی و مەدەنییەیان داخستووە.
لیلا ئەرشەد و سروور مونشی زادە، ئەوە ناوەندەیان لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٨٥ی هەتاوی، بە مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە ژنانی تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان و ژنانی بێماڵ دامەزراندبوو، بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی گوشارەوە دایانخستووە.
لەیلا ئەرشەد لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی” هەمشەهری” بێ ئەوەی ناوی کەس و ڕێکخراوێکی تایبەت بهێنێ دەڵێ: نایانهەوێت کە ڕێکخراوە و ” ئێنجی ئۆ”کان وەکوو پێشوو چالاکی بکەن و خزمەت بە خەڵکی نەخۆش و تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان بکەن.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە؛ لەماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا خزمەتیان بە ٢هەزار و ٥٠٠ کەسی تووشبووی ماددەی هۆشبەر کردووە کە لەو ئامارە زیاتر لە ٦٠٠ کەسیان چارەسەریان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە نێو بنەماڵەکانیان.