عەلی خامنەیی بە دووبارەکردنەوەی قسەکانی پوتین، دوڵەتی ئۆکراینی بە دەستکردی ئەمریکا ناوبرد و وتی: خەڵکی ئۆکراین دەوڵەتی “کیێڤ”یان قەبوووڵ نییە
عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٠ ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هێرش بۆسەر شۆڕشە ڕەنگییەکان لە وڵاتانی ئورووپایی و ئاسیای ناوەڕاست، شەڕی ئۆکراینی بە کودەتای ڕەنگی وڵاتانی ئورووپایی ناوبرد و هەروەها ڕایگەیاند کە تاوانباری سەرەکیی لە هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین ئەمریکایە.
جێگەی ئاماژەیە کە شۆڕشی ڕەنگی بە کۆمەڵە شۆڕشێکی دوور لە توندوتیژی دەوترێ کە لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی زایینی تا ناوەڕاستی دەیەی ٢٠٠٠ی زایینی لە هێندێک وڵاتانی ئورووپایی و ئاسیای ناوەڕاست باو بووە.
جیی ئاماژەیە کە؛ گرووپە دژەکۆمۆنیستەکان لە دامەزران و پەرەپێدان بە شۆڕشی ڕەنگی کە بوو بەهۆی ڕووخانی دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان دەور و نەخشی سەرەکییان هەبووە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیە کە لە دژبەرانی شۆڕشی ڕەنگی بوون، بەردەوام لەهەمبەر پەرەگرتنی ئەو جۆرە شۆڕشە لە وڵاتەکانیان هۆشدارییان داوە و ئێستاش خامنەیی پێی وایە کە کێشەی ڕووسیە و ئۆکراین جۆرێکە لە شۆڕشی ڕەنگی بەدژی ڕووسیە و ئەمریکا و ئورووپا پشتیوانی سەرەکیی ئەو هێرشەن.