هەیئەتێکی ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران –کۆمەڵە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد.
ڕۆژی ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی هەیئەتێکی ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران –کۆمەڵە بە سەرپەرەستیی جەماڵ بزۆرگپوور سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا هەیئەتی کۆمەڵە باسیان لە تازەترین کۆنگرەی کۆمەڵە واتە کۆنگرەی ١٨و ئاڵوگۆڕ و سیاسەتیان لەهەمبەر دۆخی ئێستای جیهان و ئێران و کوردستان کرد. هەروەها باسیان لە هێندێک پێشهات و بابەتی نێوخۆیی کرد و ئاماژەیان بەو ئاڵوگۆڕانە کرد کە لە کۆنگرە و دوای کۆنگرە هاتوونەتە پێش و ڕاوبۆچوونی خۆیان لەم پێوەندییەدا هێنایە بەرباس. لە بەشێکی دیکەدا بەڕێز بزۆرگپوور باسی لە دۆستایەتی و پێوەندییەکانی ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران -کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و پێداگریی لەسەر بەردەوامی دۆستایەتیی دوو لایەن کردەوە.
دواتر بەڕێز مستەفا مەولوودی باسێکی لەسەر دۆخی حیزب و ڕێکخراوە ئێرانی و کوردستانییەکان کرد و ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەتی ڕابردوو و هەستیاری ئێستای نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکان کرد. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات باسێکی لەسەر دۆخی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ویست و ئارەزوو و ئیرادەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان کرد و هیوای خواست کە حیزبە سیاسییەکان بایەخ بە ویست و داواکاریی خەڵک بدەن و پتر بۆ بەڕۆژەڤکردنی کێشەی کورد لە ئاستی ئێرانی و کۆمەڵگەی جیهانیدا تێبکۆشن. هەروەها بەڕێزیان پێوەندیی دوو لایەنی بە باش وەسف کرد و پێداگری لەسەر پێوەندی و دۆستایەتیی هەر دوو حیزب کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەشدارانی کۆبوونەوە ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەر کۆی باسەکان هێنایە گۆڕێ و ئاڵوگۆڕەکانیان تاوتوێ کرد و کۆمەڵێک ڕێکار و پێشنیاریان بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران و ناوچەکەدا هێنایە بەرباس.