لە وڵاتی فینلاند کۆڕێک لەژێر ناوی “کورد و دیاسپۆرا” بۆ بەڕێز د. سمایل بازیار، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە کوردستانییانی دانیشتووی ئەو وڵاتە پێک هێندرا.
ڕۆژی شەممە، ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە شاری “تورکوو”ی وڵاتی فینلاند، بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، کۆڕێک بۆ بەرێز د. سمایل بازیار، تێکۆشەری بەئەزموونی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و مامۆستای زانکۆ لەژێر ناوی “کورد و دیاسپۆرا” بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆڕەکە بە ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد، دواتر د. بازیار باسەکەی بەسەر دوو تەوەری دیاسپۆرا و شوناسدا دابەش کرد.
بەرێز بازیار لە بەشیک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دیاسپۆرا جۆرێکە لە ناسیۆنالیزم لە ڕێگەی دوورەوە و سەرچاوەی زۆرێک لە خەبات و شۆڕشە کاریگەرەکان بووە، لەناو کوردیشدا ڕێبەرێکی وەکوو د. قاسملوو لە ئورووپا، واتە لە دیاسپۆرادا بیری خەباتی تیۆریزە دەکرد و دواتر لە نیشتماندا بە کردەوە جێبەجێی دەکرد.
لە بەشی دووهەمی باسەکەیاندا بەڕێز د.سمایل بازیار زیاتر قسەی لەسەر بابەتی شوناس و ناسنامە کرد کە چ دەور و کاریگەرییەکی لە ژیانی تاک و گرووپی جۆراوجۆردا هەیە و وتی: بۆ ئێمەی کورد لە دیاسپۆرا، شوناس و ناسنامە یەکێک لە گرفتە سەرەکەییەکانە، چونکە لە کاتی خۆناساندن و قسەکردن لە پێناس و هویەتی خۆت لەگەڵ تورک و عەرب و فارس بەرەوڕوو دەبی.
ناوبراو لە کۆتایی باسەکەیدا بە ئاماژە بە هەندێک نموونەی ٣٠ تا ٤٠ساڵی ڕابردوو لەسەر گەشەی شوناسخوازی لە کوردستان، باسی لەوە کرد کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر نەتەوەی کورد لە هەموو دەرفەتەکان کەڵک وەردەگرێت و خەباتی شوناسخوازیی خۆی دەباتە پێشەوە.