ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “جەماڵ خالیدی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٤٩ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک جەماڵ خالیدی ناسراو بە “جەماڵ پاینی” ئەندامی حیزبی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی ٤٩ساڵیدا دڵی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی کرد.
کاک جەماڵ ساڵی ١٣٥١ـی هەتاوی، لە ئاوایی “پاین”ـی سەر بە ناوچەی محاڵی شازدەی مەهاباد لەدایک بوو و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەهۆی بوونی بنکەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچەیە و تێکەڵاویی بنەماڵەکەیان بە حیزبی دێموکراتەوە، هۆگری بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەی بوو؛ هەر بەو هۆیەش کاک جەماڵ وێڕای پەیوەندیگرتن بە حیزب و ڕێکخستنی لە تەشکیلاتی نهێنی حیزبدا، بەردەوام بووە لە بڵاوکردنەوەی بیری نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی.
ناوبراو کەسێکی خۆشناو بوو کە قەت نەیتوانی لە ئاست خەڵکی هەژار و کەمداهات کەمتەرخەم بێ و هاوکات بە بەردەوامی سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەی دەکرد.
شایانی باسە کە تەرمی ناوبراو لە ئاوایی “تاڵاو”ـی ناوچەی شامات لە ناو ئاپۆرای جەماوەری نیشتمانپەروەی مەهاباد بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپەردە کرا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک جەماڵ خالیدییەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی کوردپەروەری خالیدی و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچە مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.