باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “حوسێن عەسری” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک حوسێن عەسری ناسراو بە “دەروێش حوسێن” باوکی “مستەفا عەسری” شەهیدی ڕێبازی پڕ لە سەروەری و پیرۆزی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شەهید مستەفا عەسری بەر لە پەیوەستبوونی بە رێزەکانی حیزبی دێموکرات، ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب بوو؛ بەهۆی ئەوەی کوڕێکی لاو و لێهاتوو بوو و کاری تەشکیلاتی دەکرد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەند ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا مایەوە و لە زیندانیشدا هەر بە کەسێکی نەترس و خۆڕاگر ناسراو بوو و دوای ئازادبوونی پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگە بوو و تا کاتی شەهیدبوونی قارەمانانە بەدژی داگیرکەرانی نیشتمان خەباتی کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی دەروێش حوسێن، باوکی شەهید مستەفا عەسری، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.