وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، داوای کردووە کە دانوستانەکانی ڤییەن لەماوەی یەک حەوتوودا بە ئاکام بگات و بە زووترین کات کۆتایی بە دانوستانە ناوکییەکان بهێنرێت.
ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئان کلێر لێژاندێر” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە وتی: پێویستە بە زووترین کات کۆتایی بە دانوستانەکانی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئیران بهێنرێ و دەبێ لەماوەی یەک حەوتوودا دانوستانەکانی ڤییەن بە ئاکام بگات و پێداچوونەوەیەکی جیددی پێدا بکرێ.
هەر لەو بارەیەوە، “سەعید خەتیبزادە” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە، ئەمریکا تا ئێستا لەبارەی بابەتە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی ڤییەن هیچ بڕیارێکی نەداوە و تاران داوای لابردنی هەموو گەمارۆکان دەکا کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەری.