ئەمریکا لە چوارچێوەی سزا نوێیەکانی بەدژی مۆسکۆ، هەر جۆرە مامەڵەیەکی هاووڵاتییانی لەگەڵ بانکی ناوەندیی ڕووسیە، سەندووقی ماڵیی نیشتمانی و وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە قەدەغە کرد.
ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی “ڕۆیتێرز” بەرپرسانی پلەبەرزی ئەمریکایی لەسەر سزا نوێیەکان بۆسەر ڕووسیە، وتیان: ئەو سزایانە بەدژی بانکی ناوەندی ڕووسیە و سەرچاوەکانی دارایی و ماڵییەکانی ئەو وڵاتە سەپێندراوە و ئەوە وا دەکا کە ئابووریی ڕووسیە لاواز بکا و ئاستی کڕینی بە تەواوی دابەزێ و بەرهەمهێنەرانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.
ڕووسیە چوار ڕۆژ دوای هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراین کە دوای شەڕ دووهەمی جیهانی بە گەورەترین هێرش دادەنرێ بۆسەر وڵاتێکی ئورووپایی، ڕووبەڕووی داکشانی ئابووری بووەتەوە و کارناسانی ئابووریش پێیانوایە کە گەمارۆی بانکی ناوەندیی ڕووسیە گوشارێکی توندی ئابووریی ڕۆژاوایە بەدژی مۆسکۆ.