مەسعوودی، جێگری کاروباری دەرمانیی زانکۆی زانستی پزیشکی پارێزگای ورمێ دەلێ: لە هەندێک بواری پزیشکیدا لە پارێزگای ورمێ تووشی کەمیی پزیشکی پسپۆڕ بووینەتەوە.
مەسعوودی لەم بارەیەوە زۆرتر ئاماژە بەوە دەدات کە لە هەندێک پسپۆڕیی تایبەت، وەک پسپۆڕی بێهۆشی لەگەڵ کەمیی کادری دەرمانی و پسپۆڕی تایبەت ڕووبەڕوو بووینەتەوە و لە کاتێکدا پارێزگای ورمێ پێویستی بە ٣٠٠ پزیشکی پسپۆڕ هەیە، بەڵام تەنیا ٣٠ پزیشکی پسپۆڕی لەم بوارەدا هەیە و ئێستا پێویستی بە ٢٧٠ پسپۆڕی دیکە هەیە .
لە بنەڕەتدا کەمیی پزیشک و پسپۆڕ لە پارێزگای ورمێ بۆ سیاسەتی هەڵەی وزارەتی بێهداشت و دەرمان دەگەرێتەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی پزیشک و پەرەستاران لەبەرچاو ناگرێت و بەهۆی بێدەرەتانی، باری گرانی ژیان و هەبوونی مافیای سپای پاسداران کە دەستی بەسەر کەرتی تەندروستی و دەواودەرمان داگرتوە، پزیشکانی پسپۆڕی ناچار بە کۆچ کردوون.
هاوکات لە گەڵ ئەم هۆکارانەش، بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردنی وزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی، ئیزن بە بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارانی کورد نادرێت لەم بەشانەدا لە زانکۆکان وەربگیرێن و پاش تەواوبوونی زانکۆ لەم بەشانەدا کار بکەن.