شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، هەناردەکردنی چەکوچۆڵی بۆ یەمەن بەتایبەتی بۆ میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران قەدەغە کردووە.
شۆرای ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هەناردەکردنی چەکوچۆڵی بۆ یەمەن بەتایبەتی بۆ میلیشیا حووسییەکان لەلایەن هەر کەس، وڵات و کۆمپانیایەک بە گشتی قەدەغە کردووە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا حووسییەکان، کەسانی تاوانبار و کۆمپانیاکان سزا دەدرێن.
جێگەی ئاماژەیە کە لە کۆتاییی مانگی ڕابردوودا، کۆمیتەیەکی پێکهاتوو لە کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند کە؛ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، بەردەوامن لە پێشێلکردنی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ئەو کۆمیتەیەدا هاتووە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە زۆرملێ منداڵانی یەمەن دەکەن بە سەرباز و دەیاننێرن بۆ بەرەکانی شەڕ.