بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا هێرشی پوتین بۆسەر ئۆکراین بە زۆرەملێ و مەترسییەک بەدژی هەموو ئورووپا دەزانێ.
جۆزێڤ بورێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ڕۆژ لە بەردەوامیی هێرشەکانی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، سەرەڕای هۆشداری لەهەمبەر ملهوڕییەکانی پوتین و مەترسیی هێرشی ڕووسیە بەدژی ئورووپا وتی: جیهان یاسای دارستان و زۆرەملێ قەبووڵ ناکا و ئیزن نادا کە وڵاتێک لە هێزی سەربازییەکەی کەڵک وەربگرێ و وڵاتیکی دیکە لەنێو ببا.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا و هێرشەکانی پوتین بۆسەر ئۆکراین و دەورونەخشی شەڕخوازانەی ڕووسیە وتی: ئەگەر ئێمە ئیزن بە بەردەوامیی هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین بدەین، ئەوە یاسای دارستان و زۆرەملێ لە جیهان بڵاو دەبێتەوە و هەر ولاتێک بەهێز بێت، وڵاتێکی دیکە دەتوێنێتەوە و یاسای وڵاتەکەی بەسەر ولاتێکی دیکەدا دەسەپێنێ.
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە؛ هێرشی ڕووسیە بۆسەر خاکی ئۆکراین، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆسەر هەموو ئورووپا و ئێمە بە هەموو هێزمانەوە پێش لە سەرەڕۆییەکانی ڕووسیە دەگرین.