ڕێژەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی کورد لە شار و پارێزگاکانی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای ئیلام، کێشەی نەبوونی ناسنامەی باری کەسێتییان هەیە و هیچ بەڵگەیەکی یاساییی شارۆمەندییان لە ئێراندا نییە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کوردستان و بەتایبەت لە شار و ناوچەکانی پارێزگای ئیلام، هەنووکەش لە چوارچیوەی ئێراندا کێشەی نەبوونی ناسنامەی باری کەسێتییان هەیە و تاکوو ئێستەش بە هۆکاری نەبوونی ناسنامەی باری کەسێتی و مافی شارۆمەندی، ڕووبەڕووی کێشەگەلی جیددی و گرفتگەلێکی زیانبار بوونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کێشەیە لە هەموو شار و پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام لە ئیلام بە ڕێژەیەکی زۆرتر و بەرچاوتر بوونی هەیە و بەپێی ئەو زانیاری و ئامارانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە؛ زیاتر ٢ هەزار کەس لە پارێزگای ئیلام هیچ ناسنامە و پێناس و کارتێکی شارۆمەندی و هیچ بەڵگەیەکی یاساییی ئێرانیان پێ نییە و زیاتر لە ١٢ هەزار کەسیش تەنیا بەڵگەیەکی بەڕیوەبەرایەتیی تۆمارکردنی باری کەسێیەتییان پێیە و ئەو بەڵگەیەش کە زیاتر وەکوو نامەیەکی ئیدارییە، تەنیا بۆ ئاسانکاریی ڕێژیمە بۆ بیانووبڕی و سەرهەڵنەدانی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئیلام؛ هەروەها ئەو ١٢ هەزار کەسە نە ناسنامەی باری کەسێتی و نە کارتی شارۆمەندیی ئێرانیان پێیە و ئەمەش کێشەگەلێکی جیددی و زیانباری بۆ ئەو خەڵکە دروست کردووە.