ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ناوی “ڕەحیم سولەیمانی” خەڵکی ناوچەی بانە بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی رۆژانی ڕابردوودا، کاک ڕەحیم سولەیمانپوور ئەندامی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە ئاوایی “بەردەڕەش”ـی سەر بە شاری بانە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام رەحیم یەکێک لەو کەسە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانەی ناوچەی بانە بوو کە ماڵەکەی هەمیشە جێی حەوانەوە و پشت و پەنای تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە و بەردەوام بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بۆ ڕاپەراندنی هەموو ئەرکێکی حیزبی لەسەر پێ و ئامادە بووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی مام ڕەحیم سولەیمانی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی بانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.