دەوڵەتی ئۆکڕاین ڕایگەیاند؛ لە ئاکامی هێرشەکانی ڕووسیە بۆسەر ئۆکڕاین ٣٥٢ کەسی مەدەنی و ١٤ منداڵ کوژراون و ١١٦ منداڵی دیکەش لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا بە سەختی بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ویکتۆر لیاشکۆ، وەزیری تەندروستی ئۆکراین وتی: هیزە سەربازییەکانی ڕووسیە خەڵکی مەدەنی، نەخۆشخانەکان، ئامبوڵانسەکان و ناوەندەکانی پەروەردە دەکەنە ئامانج و هەروەها وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ١٤منداڵ بوونەتە قوربانیی هێرشەکانی ڕووسیە، ڕایگەیاند کە ١١٦ منداڵی دیکە لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا بە سەختی بریندار بوون.
ویکتۆر لیاشکۆ، وتیشی: هێزەکانی ڕووسیە لە ئاکامی هێرشەکانیان بۆسەر ئوکراین، دەستیان لە هیچ شوێن و ناوەندێکی مەدەنی و خەڵکیی نەپاراستووە بۆ نموونە، ڕاستەوخۆ هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر نەخۆشخانە، ئامبووڵانس، ناوەندەکانی پەروەردە، رێکخراوەکانی منداڵپارێزی و بەخێوکردنی منداڵانی بێسەرپەرەست و هەروەها ڕاستەخۆ دەسڕیژی گولـلەیان کردووەتە سەر پزیشک، کارمەندانی تەندروستی و خەڵکی مەدەنی.