ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “شەفیع محەممەدنەژاد” تەمەن ٤٥ ساڵ، “خدر قادری ئازەر” تەمەن ٥١ ساڵ و “ئیسماعیل محەممەدپوور” تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی بەندکرانیان ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کران.
ئەو سێ هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری پیرانشار، بە سەرۆکایەتی قازیی بەکرێگیراو “عەبدوڵا ئاقایی” بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژمی ئێران” بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.
شەفیع محەممەدنەژاد و خدر قادری ئازەر، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی ورمێ کرابوون.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە گرتنگە ئازاد کرابوون.
هەروەها ئیسماعیل محەممەدپوور ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.