لە درێژەی کاردانەوەکانی ڕێبەرانی جیهان لەهەمبەر هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، ئۆلاڤ شۆڵز، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان دەڵێ: ڤێلادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە دەیهەوێت ئیمپراتۆرییەکی نوێ دروست بکا.
ئۆلاڤ شۆڵز، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئیزن بە پوتین نادەین کە کات بگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، وتی: هەرکەسێک گوێبیستی قسەکانی پوتین لە هێرش بۆسەر ئۆکراین بووبێت و یان بە تایبەتی لەگەڵ ناوبراودا قسەی کردبێت، هیچ شک و گومانێکی تێدا نامێنی کە پوتین دەیهەوێت ئیمپراتۆری ڕووسیە دابمەرزێنێ.
سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و دەبێ بە خێراترین کات پێش بە سەرەڕۆییەکانی ڕووسیە بگیردرێ.
ناوبراو بە ئاماژە بە گەمارۆ قورس و بێوێنەکان بەدژی ڕووسیە وتی: دەبێ گەمارۆکان بەرپرسانی ڕووسیە بکاتە ئامانج نەک خەڵکی ڕووسیە.